وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، داوای لەو کۆمپانیایانە کرد کە ساڵانێکی زۆرە باجیان نەداوە لە وەزارەتی دارایی بڕیاری لێخۆشبوونیان بۆ دەرکراوە لە قەرزی باج و تەنها باجی یەکساڵ دەدەن، بۆیە با سەردانی فەرمانگەی باج بکەن بۆ پاکتاوکردنی باجی یەک ساڵ و بڕیارەکەش تا 20/9ی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت و درێژ ناکرێتەوە.
ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 32 هەزار کۆمپانیا هەیە و ئێستا زۆرینەی باجی خۆیان دەدەن و کۆمپانیاکانیش بەشێکی کار دەکەن و بەشێکیش لە کار وەستابوون و بەردەوامیش کۆمپانیاکان کار دەکەنەوە و بەشێک لەوانەش بیانین و خەڵکێکی بیانییش هەیە لە هەرێم کۆمپانیای ناوخۆیی داناوە، بۆیە کۆمپانیامان زۆرن و ئێستاش بارودۆخی ئابووری باشە و کۆمپانیاکان دەکەونەوە کار و کۆمپانیای نوێش دادەمەزرێن، هەربۆیە ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەبێتە هۆی ئەوەی هەم کۆمپانیا وەستاوەکان بەگەڕ بخرێنەوە و هەم کۆمپانیای نوێ دامەزرێن و گرنگیی زیاتر بە کەرتی بازرگانی بدرێت.
ئەسکەندەر محەمەد گوتیشی: ئەو بڕیارەی لێخۆشبوونی باج وا دەکات کۆمپانیاکان هان بدرێن کە کار بکەن و فراوانتریشی بکەن، چونکە بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان بەهۆی قەیرانی دارایییەوە باجیان نەدابوو، کە ئەو بڕیارە دراوە وا دەکات کۆمپانیاکان، ئەوانەی لە کاریش وەستاون دەست بە کار بکەنەوە، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە و جێی دەستخۆشییە و گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشە بە بازرگانان''.
وەڵام بدەوه