لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی ڕۆژی سێشەممە 20 ی 9 ی 2022، لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژران و زیاتر لە 161 هاووڵاتیش هەر بە دەستڕێژی ئەم هێزانە بریندار بوون و دەیان کەسیش دەستبەسەر کران.
دوای گیان لەدەستدانی فواد قەدیمی یەکێک لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرە و هەروەها کوژرانی ژنێک بە ناوی مینوو مەجیدی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان ژمارەی کوژراوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ 7 کەس بەرز بووەتەوە کە ناوەکانیان بریتین لە فواد قەدیمی و موحسین محەممەدی خەڵکی دیواندەرە، زەکەریا خەیاڵ16 ساڵە و خەڵکی پیرانشار، فەرجاد دەروێشی خەڵکی ئورمیە، ڕەزا لوتفی خەڵکی دێولان، مینوو مەجیدی خەڵکی قەسری شیرین و فەرەیدوون مەحموودی خەڵکی سەقز.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە20 ی 9 ی 2022، لانی کەم لە 14 شاری ئاودانان، ئیلام، کرماشان، سنە، مەریوان، ئورمیە، بانە، نەغەدە، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، ماکۆ و بازرگان، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی، کچی 22 ساڵەی خەڵکی سەقز ڕژانە سەر شەقامەکان و بە دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران، خۆپێشاندانەکان بەرەو توندوتیژی چوون و لانی کەم سێ هاووڵاتیی ناڕازی کوژران و 161 کەسیش بریندار بوون.
ئەو شارانەی کە تێیاندا خۆپیشاندان بەرەو توندوتیژی چوو:
پیرانشار: 1 کوژراو و 48 بریندار
ئورمیە: 1 کوژراو و20 بریندار
ماکۆ: 6 بریندار
کرماشان: 1 کوژراو و 26 بریندار
قوروە، 8 بریندار
مەریوان 4 بریندار
ئیلام، 13 بریندار
نەغەدە: 15 بریندار
ئاماری گشتیی چوار ڕۆژی ڕابردوو:
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا بە گشتی 7 هاووڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە و 450 کەسیش بریندار بوون کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ترسی دەستبەسەرکرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردووە بەڵام فیلم و وێنەی بریندار بوونیان کەوتووتە دەست هەنگاو و ژمارەیەک لەو دیمەنانەش لە لا پەرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەنگاو بڵاو کراونەتەوە.
پۆلێنبەندیی کوژران و بریندار بوونی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان
دیواندەرە: 2 کوژراو و 33 بریندار
سەقز: 1 کوژراو و 74 بریندار
بانە: 40 بریندار
مەهاباد: 23 بریندار
بۆکان: 17 بریندار
سنە: 66 بریندار
مەریوان: 9 بریندار
دێولان: 1 کوژراو و16 بریندار
بیجاڕ: 9 بریندار
قوروە: 17بریندار
تیکاب: 7 بریندار
ماکۆ: 6 بریندار
ئورمیە: 1 کوژراو - 20 بریندار
پیرانشار: 1 کوژراو - 48 بریندار
کرماشان: 1 کوژراو و 36 بریندار
ئیلام: 13 بریندار
نەغەدە: 15 بریندار
کۆی گشتی:
7کوژراو و 450 بریندار
دەستبەسەرکرانی زیاتر لە 500 هاووڵاتیی کورد لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا
بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 500 هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ناو و شوناسی نزیک بە100 کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و لە ڕاپۆرتێکی جیاوازدا بڵاوی دەکەینەوە.
هەنگاو شەوی ڕابردوو لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندبوو 190 کەس لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە.
وەڵام بدەوه