بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراكی هەرێم ئاشكرای دەكات، كە سەبەتەی خۆراكی 7 تەواو بووە و لەئێستادا سەبەتەی خۆراكی 8 لەدابەشكردندایە و وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت: “ئامادەكاری دەكەن بۆ گەیاندنی سەبەتەی خۆراكی 9 و 10ی ئەمساڵ بۆ كۆگای پارێزگاكان”.
بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراكی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبەتەی خۆراكی حەوتەم لەسەر لیستی مانگی 8 هەمووی تەواو بووە جگە لە دۆشاوی تەماتە، كە چەند بنكەیەك ماوە، كە لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ زەیتی سەبەتەی هەشتەم دابەش دەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، بەردەوامین لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی سەبەتەی هەشتەم لەسەر لیستی مانگی ۹ و ڕۆژانە بارهەڵگرێکی باش خۆراك دەگات بە کۆگاکانمان.
لای خۆشیەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەشتەم سەبەتە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان بە ڕێژەی ٩٠٪ بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئامادەکراوە و کاردەکەن بۆ بوژاندنەوەی کۆگاکان و ئامادەکردنی بەشەخۆراکی نۆیەم و دەیەمی ئەمساڵیش.
جەختیشی كردۆتەوە، لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی سەبەتەی نۆیەم دەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیان لە زەیت و نیسک و برنج و نۆک و فاسۆلیا و دۆشاوی تەماتە پێکدێت و ئەم بەشە خۆراکانەش لە شایستە داراییەکانی یاسای ئاسایشی خۆراکی ئەمساڵ بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، بەپێی یاساكە بەشە خۆراکی مانگی یەکەمی ساڵی داهاتووش دابین دەکرێت.
وەڵام بدەوه