حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری کەمکردنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاوی ماڵانی دەرکرد و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، پێویستە ھاووڵاتییان سوود لەو بڕیارەی حکوومەت وەربگرن و سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی شارەوانی بڕیاری کەمکردنەوەی کرێی بەستنی پێوەری ئاوی دەرکردووە و ئەو ھاوڵاتییانەی پێوەریان نییە دەتوانن سوودمەند بن لە بڕیارەکەی حکوومەت کە تا ڕۆژی ٢١ی مانگی داھاتوو مۆڵەت دراوەتە ھاووڵاتییان، واتە ئەگەر ھاووڵاتییەک تا ئێستا پێوەری ئاوی نەبێت، بۆ یەک مانگ سزای نەبەستنی پێوەر ٨٠ ھەزار دینار دیاری کراوە، بەڵام ئێستا ھاووڵاتییان تەنھا ٢٠ ھەزار دینار دەدەن بۆ ناو شارەکان و بۆ دەرەوەی شاریش ١٠ ھەزار دینارە بۆ یەک مانگ.''
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم گوتیشی: "بڕیارەکەی حکوومەت دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی تا ئێستا پابەندی بەستنی پێوەری ئاو نەبوون و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و تا ڕۆژی ٢٠ی مانگی داھاتوو سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن بۆ بەستنی پێوەری ئاو.''
ئاری ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە: "پێویستە ھاووڵاتییان پابەندی بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن بۆ بەستنی پێوەری ئاو، چونکە دەمانەوێت دەست بە ئاوەوە بگرین و بە گوێرەی پێوەری دیاری کراو ئاو بەکار بێنن، پێم وابێت ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتی ئەم جارەش سوودمەند دەبن لە بڕیاری کەمکردنەوەی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو.'
وەڵام بدەوه