ئەو گرێیە مەسرور بارزانی لە ئەمریکا کردیەوە!
ئاسۆ حاجی
لە گرێبەستە قەبەکان و ئاستی پێشوازیەکەی گرنگتر، کردنەوەی گرێ کوێرەیەکی مێژووی بوو، کە بەردەوام گرفتی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و کوردستان دروست کردووە. ئەویش تێڕوانین و ستراتیژییەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە، دەربارەی پرسی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان. بۆ یەکەمینجارە وەزارەتی دەرەوە گەرمتر و توندتر لە دامەزراوە گرنگ و کاریگەرەکانی دیکەی ئەمریکا، وەک پنتاگۆن و CIA، لە بەرامبەر مافەکانی کوردستان وەدەنگ بێت و خۆی لێبکاتە خاوەن. بە ڕوون و ئاشکرایی گوتارێکی نوێ ڕابگەیەنێت.
لە ماوەی شێست ساڵی رابردوو، بەردەوام هەوڵ و داواکارییەکانی کورد لە ئەمریکا، لە ستراتیژییەتی وەزارەتی دەرەوە گیر دەبوو و هەندێکجاریش پاشەکشەی پێدەکرا، پیلانگێڕی جەزائیر ڕەنگە دیارترینیان بووبێت. پێشبینی دەکرێت ئەو قۆناغە نوێیە، مایەی پارستن و بەهێزکردنی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستان بێت، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەلانە بێت کە بوونەتە هۆکاری دروست بوونی لاسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
ئەو کارەی مەسرور بارزانی کردی، پێی دەگوترێت 'وەچەرخانی مێژوویی'، ئەو وەچەرخانە لە ئایندەیەکی نزیک لە سەر دوو ئاست ڕەنگ دەداتەوە:
- لە ئاستی ناوخۆیی کوردستاندا، هاندەردەبێت، کە ئەو حیزب و لایەنانەی گرەویان لە سەر هێزی دەرەکی دەکرد، بەو گوتار و هەڵوێستە سیاسیانەی خۆیان دابچنەوە و پەشیمانی گوتارە نەتەوەیی و نیشتیمان ببنەوە، کە هێشتا کوردستان پێویستی پێیەتی.
- لە سەر ئاستی دەرەوەش، هاندەر دەبێت بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کە نیگەران و دوو دڵیان کەمتر بێتەوە لە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەوارەی دەستوری کوردستان و گەلەکەی.
لە دوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بە ئومێد و خۆشحاڵیەوە چاوەڕوێن، کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزتر و پڕ دەسکەوتتری لێ بکەن.
لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی و کابینەکەی ڕووبەڕووی ئالنگاری و فشار و هێرشی زۆر توند بوونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بوونە هێزێک بۆ ئەوەی دەست بەرداری ستراتیژییەتی بنیاتنان نەبێت، لە ڕێگای ڕاستکردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و گرتنەبەری ڕێگای دروست بۆ گرێنتی کردنی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان.
یەکانگیری دونیابینی و ستراتیژیەتی مەسرور بارزانی، لەگەڵ گۆڕانکاری و ئەو هاوکێشە نوێیانەی، خەریکە نەخشە و واقیعی سەپێندراوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕن، سودفە نیە، بەڵکو پلان بۆ داندراو بووە و بەشێک بووە لە خوێندەوە و پێشبینییەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە، ئەوەشی بە ڕوونی لە چەند گوتار و بۆنەیەک باسکردووە، بە تایبەتی لە گوتارە بەناوبانگ و مێژوویەکەی لە ناوەندی توێژینەوەی چاتام هاوس.
گۆڕانکاری لە ستراتیژیەت و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکرێ وەک چاوگی ئەو گۆڕانکاریانە دابندرێ، کە پێشبینی دەکرێت لەمەودوا شێوازێکی نوێی لە هاوپەیمانێتی و کاری هاوبەش دروست بکات، ئەویش لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکان، نەوەک تەنها لە ڕێگای ئەو دەوڵەتانەی وەک ئەمری واقیع بەسەر گەلانی ئەو ناوچەیە سەپەێندراون.
وەڵام بدەوه