Kurdistan Press - پەتای خۆدووبارە کردنەوە پەتای خۆدووبارە کردنەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

پەتای خۆدووبارە کردنەوە

ھەر پرۆژەیەکی فکری و ئایدیۆلۆژی مەبەست لێی دروست کردنی سیستەم و دونیایەکی تازەو دادپەروەر نەبێ، دەرەنجام ئامانجی خۆی ناپێکێت و گەشە ناکات.

ئەو خرۆشانە جەماوەریەی رووی کردۆتە ئێران، هێمای دژ بە وەستانی سیستەمێکە،  بەرلە چل و دوو ساڵ موژدەی دونیایەکی جوانترو دادپەروەرتری بە ئێرانیەکان دابوو.  

رووخانی رژێمی حەمەرەزا شای پەهلەوی وەک دەرەنجامی خرۆشانە جەماوەریەکەی ئەوسا، دەرفەتێکی زێڕینی خستە بەردەم سەرکردەکانی شۆڕش بۆ دروست کردنی دونیایەکی جیاوازترو جوانتر و دادپەوەرتر، هەوەک ئەوسا  هێمای بۆ دەکرا. 

دۆخی جەنگی ساردو ململانێی  نێوان بلۆکی سۆسیالیستی و بلۆکی سەرمایەداری ئەوسا دەرگای گۆڕانکاریەکی خێراو گەورەی خستە بەردەم سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامیەوە. 

 دۆخی تایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە چەشنی بەرمیلێکی پڕلە بارووت و تەقەمەنی و دونیایەکی پڕلەبەرژەوەندی دژ بەیەک، هەمیشە دەرفەتی گۆڕانکاری خێرای لەبەردەم خرۆشانە جەماوەریەکان بە کراوەیی هێشتۆتەوە. بەڵام گۆڕانکاریەکان هیچ کات مەرج نەبووە بە خێر بۆ بەرژەوەندی گشتی و هێنانەکایەی دادپەروەری و دونیایەکی جوانتر بشکێنەوە. 

ئەوەی لە پانتای رووداوەکانی ئێستای ئێران دەگوزەرێ، ڕەت کردنەوەی ئەو سیستەم و دونیا تاک رەهەندەیە،  سەردەمانێک زامنی شارستانیەت و یەکپارچەیی و یەکڕیزی گەلانی ئێران بوو. 
ڕەت کردنەوەی سەرلەبەری ئەو  رۆحە شۆڕشگێڕیەیە بەرلە زیاتر لە چوار دەیە،  بەڵێنی گەورەو زەبەلاحی بە گەلانی ئێران دا سەبارەت بە ئازادی، ماف پەروەری، سەردارو سەروەرکردنی یاسا و دەستور و بە ڕەسمی ناسینی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکان بە کوردیشەوە. 

ئەوەی لە سەر شەقامی شارەکانی ئێران دەگوزەرێ و لێرە ناوەستێ،  تەقینەوەی تووڕەیی و  باڵاکردنی رۆحیەتێکی ڕقاوی و  ڕق ئەستووریە بەرامبەر بە نیزام و حوکمێکی شمولی و تاک رەهەندەوە. هێمای فەشەل و شکستی سەرکردەو سەردارانی بە ناو شۆڕشی ئیسلامیە، کەوا نەیانتوانی لانی کەمی داخوازیەکانی گەلانی ئێران بەدێ بێنن و ژیانێکی شایستەیان بۆ دروست بکەن. 

دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری، و سەربازی ئێران لە بری بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرە و جوانتر لە دوێنێ، لە بری واز هێنان لەم تیۆرو ئایدیۆلۆژیای ( وەک یەک کردن و یەکپارچە کردنی زۆرە ملێ)، ماوەی چڵ ساڵە خۆیان دووبارە دەکەنەوەو هێچی تازەیان تەنانەت بۆ ئەو نەوەیەش پێ نیە لە ناو هەناوی رووداوەکانی شۆڕش لە دایک بوون. 

سەردارانی نیزامی ئێستا هێشتا لە رابردوویەکی تەماوی و پڕلەخەیاڵدا دەژین و هێشتا نەیانتوانیوە مێژوو وەک خۆی بخوێننەوەو شرۆڤەیەکی ڕاستەقینەو حەقیقی بۆ بکەن. 

لەم چڵ ساڵەشدا هەوڵەکانی  ئەم سیستەمە هەمیشە بە ئاڕاستەی زیندوو هێشتنەوەی ئایدیۆلۆژیاو سەپاندنی یەکجۆری بیرکردنەوەو تێڕوانین و دونیابینی بووە ( فاشیزمی گرووپگەرا).

 بۆیە ئەم سیستەمە بە هۆی گۆڕانکاری نەکردن لە پەیام و درووشم و تێڕوانینەکانی، بەهۆی چەقبەستوویی لە هەنگاونان بەرەو دونیایەکی جوانترو پڕلە یەکسانی لە ماف و ئەرک شکستی هێناوە. 
ئەم سیستەمە بەرامبەر بە سەرلەبەری کایەی ژیانی سیاسی و ئابوری و خۆفەرزکردنی زۆرە ملێ و پێرەوی کردن لە  مەزهەبگەراییەکی تاکڕەوانەی وشک و خۆبەزل زان، دووچاری داڕمانێکی ناوەکی و نەخۆشیەکی کوشندە بۆتەوەو چیتر ناتوانێ لە ڕێگەی زەبروزەنگ و تووندڕۆیی مەزهەبی و خۆفەرزکردن و رێ نەکردن لەگەڵ گۆڕانکاریە هاوچەرخ و جیهانیەکان بەرگەی لەسەر پێ وەستان بگرێ و بەرامبەر بە خرۆشانە جەماوەریەکان بوەستێ.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه