ئەوەی لێرە دەیخەمە روو پاکێجێک لە بیرو بۆچوونە تایبەتیەکانی خۆم نین. بەڵکو بۆچوونی رۆژنامەنووسێکی بە ئەزموونی دانیمارکی و قاڵ بووەوەی نێو جەرگەی رووداوە سیاسی و سەربازیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە بە ناوی ستێفن یەنسێن Steffen Jensen .
ستێڤن بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ وەک پەیامنێرو رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری کاروباری دەرەوەی کەناڵی دووی دانیمارکی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کاری کردووەو شارەزاییەکی ورد و بەرچاوروونیەکی باشی هەیە سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و
دۆزی کورد بە تایبەتی.
ئەو دەڵێ:
گەلی کورد بە درێژایی سەت ساڵی رابردوو سەرباری خەبات و قوربانیدانیان لە پێناوی ئازادی و دروست کردنی قەوارەیەکی سیاسی و دەوڵەت، دەیان جار لە لایەن زلهێزەکانەوە خیانەتی گەورەیان لێ کراوەو خراونەتە پەراوێزی مێژووەوە.
کورد جەنگاوەری بە جەرگ و ئازاو چاونەترسن و لە سەت ساڵی رابردوودا خوێنێکی زۆریان بەخشیوە لە پێناوی ئامانجی باڵای سەربەخۆییدا.
هەرچەندە کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان یەکەیەکی یەکگرتوو نین لە رووی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و پێکهاتەی حزب و گرووپی سیاسیەوە، لێ ئامانجی هەموو کوردێک بەدەست هێنانی سەربەخۆییە و هەر لەپێناوی ئەم ئامانجەشدا تێدەکۆشن.
مێژوو پێمان دەڵێ کورد جەنگاوەری بەجەرگ و ئازان. ئەوان توانیویانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق بنەماکانی بە دەوڵەت بوون بچەسپێنن.
هەرچەندە کەشی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و هەلومەرجی ئەم هەرێمە لە رووی دەستەبەری خوشگوزەرانی و پێشکەتنە هەمەلایەنەکانەوە بەراوردی ئەرووپا ناکرێ، بەڵام لە وڵاتانی چوار دەورەیانەوە زۆر باشتر و گونجاتر و جێی تێرامانە.
کورد لە کوردستانی باشور توانیویانە لە ماوەی بیستو هەشت ساڵی رابردوودا هەرێمێکی گەشە سەندوو وپێشکەتوو لە رووی ئازادی و دیموکراسیەوە بونیاد بنێن و کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد ئەوان ریفراندۆمێکی سەرتاسەریان رێکخست بۆ زەمینە خۆش کردنی جیابوونەوەو راگەیاندنی سەربەخۆیی. بەڵام ئەم ریفراندۆمە بە خراپ بەسەریاندا شکایەوەو زیاتر لە نیەوەی خاکی هەرێمەکەیان لەدەست دا و رووبەرووی جۆرێک لە ئابلۆقەش بوونەوە.
ئەوەی کوردەکانی باشوری هاندا بۆ هەنگاونان بەرەو جیابوونەوەو سەربەخۆییەوە لەو ئان وساتەدا، ئەو شەڕە بوو لەدژی داعش بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمان کردیان و زۆر ئازایانە رووبەرووی دڕندەترین رێکخراوی ترسناکی تیرۆریستی بوونەوەو توانیان سەرکەوتنی مەزن بەدەست بێنن.
کوردەکان چاوەروان بوون شکاندنی هەیمەنەی داعش و ئەو پێشکەوتنەی لە هەرێمەکەیان، باش یا خراب، وەک دەسکەوتێکی مێژوویی بەدەستیان هێناوە، ببێتە دەرفەت و بەردەبازێک بۆ پەڕینەوە لە قۆناغی هەرێم بوون و پەڕینەوە بەرەو سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.
کوردەکان وایاندەزانی ئەمریکا وئۆرووپا وەک قەرەبوو کردنەوەی شکست پێ هێنانی داعش، پشتگیری هەنگاونانیان دەکەن بەرەو جیابوونەوەو سەربەخۆیی، لێ هەروەک بینیمان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری ئەم هەنگاوەی لێ نەکردن و نیوەی خاکەکەیان لە ساڵی 2017 دا لەدەست دا.
ئەوەی من بە درێژایی سی ساڵی رابردوو تێبینیم کردووەو لەگەڵ دەیان سیاسەتمەدار چاوپێکەوتنم کردووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئۆرووپا و ئەمریکا، خاوەنی هیچ جۆرە ستراتیژ و سیاسەت و رێبازێکی دیاریکراو نین بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم پرسگرێکە. کورد قوربانی دەستی مێژوو و سیاسەتی بەرژوەندخوازی زلهێزەکانن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مامەڵە کردنی لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی کوردان بەمجۆرە بیر دەکاتەوە:
"لەبەرامبەر سەربەخۆیی کورد ئێمە چیمان دەست دەکەوێ و چی لەدەست دەدەین؟ دەوڵەت بوونی کورد چ سوود و قازانجێکمان پێ دەگەیەنێ!
"( بنەمای تێزو دیدگای هێنری کسینجێری بە ڕەگەز جولەکەی ئەمریکا( نووسەر))
ئەوەی ساڵانێک بەر لە ئێستا هەستی پێدەکراو نەبووبوو بە حەقەتێکی سادە، ئێستاکە بووە بە واقع و راستیەکی حاشاهەڵنەگر، ئەوەیە، ئۆرووپا وئەمریکا سیاسەتی دەست تێوەردانیان لە کاروباری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست خستۆتە ئەولاوەو چیتر ئامادە نین هێزو توانای دارایی و سەربازی و دیپلۆماسی خۆیان، وەک پێشتر، لەم ناوچە پڕ لە کێشمەکێشەیەدا بەهەدەر بدەن لە پێناو کۆمەڵێک ئامانجەوە. بەڵکو ئەوان رۆژهەڵاتی ناوەراستیان بۆ روسیە و ئێران و تورکیە بەجێ هێشتووەو لە دوورەوە تەنیا وەک چاودێر سەیری ئاراستەی رووداوەکان دەکەن.
نیگەرانیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حاڵی حازر تەنیا لە دەور یەک مەترسی دەخولێتەوە، ئەویش ترسە لە کۆچی بە کۆمەڵی پەنابەران بۆ وڵاتانیان وەک ئەوەی روویدا لە ساڵی دووهەزارو پازدەدا و دەیان هەزار پەناخوازی سووری روویان کردە ئەورووپا.
زیاد لەمەش جەنگی ئۆکراینیا هەنوکە هتچ دەرفەتێکی بۆ گرینگی دان بە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست نەهێشتۆتەوە.
وەڵام بدەوه