لە مێژووی چڵ ساڵی رابردووی دەسەڵاتدارانی ئێران، دۆزینەوەی دوژمنێکی وەهمی یا هەڕەشەیەکی دەرەکی و سەرقاڵ کردنی ڕای گشتی پێیەوە، یەکێک بووە لەو کەرەستانەی پایەکانی شۆڕشی لەسەر بوونیاد نراوەو فەزای سیاسی پێیەوە مەشغوڵ کراوە.
لەسەرەتای شۆڕش، سەرانی ئەوسا بە تەبەنی کردنی گوتاری ( هەناردەکردنی پەیامی شۆڕش) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، توانیان کاریگەریەکی گەورە بخەنە سەر کەمینە شیعەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروست کردنی جۆرێک لە ئیمپراتۆریەتی شیعەگەرا و تێکدانی دۆخی ناوەخۆی وڵاتانی خاوەن کەمینەی شیعە.
سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە درێژایی چوار دەیەیەی رابردوو لەسەر بنەمای پەل هاویشتن بۆ سنوورەکانی دەرەوەو کاریگەری نواندن لەسەر وەهمی مەزهەبگەرایی بونیاد نراوەو دۆزینەوەی نەیارو دوژمن یا دوژمنانی دەرەکی، رەمزی مانەوەو درێژەپێدانی حوکمرانی بووە.
تۆپ باران کردنی هەرێم بە بروبیانووی جیاواز و بێ بنەما هیچ پاساوێکی عەقڵانی و مەنتیقی هەڵناگرێ.
لەم ئانوساتەی سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگای ئێرانی درووشمی ئازادیان بەرز کردۆتەوە و تێکڕا رووبەرووی سیستەم و نیزامێک بوونەتەوە زیاتر لە چڵ ساڵە سەرقاڵی شووشتنەوەی مێشکی گەلانی ئێران و بەگەڕخستنی مەکینەیەکی زەبەلاحی مێدیایەکی چەواشەکارە، هەڕەشەکردن لە هەرێم و چاوسوورکردنەوە، نەک چارەسەری دۆخی ئاڵۆز و مەترسیداری ناوەخۆ ناکات، بەڵکو ڕەنگە سەرتاپای ئەم سیستەمە ژەنگ گرتووە لە بناغەوە هەڵتەکێنێ و لەرەگوریشەوە دەریبێنێ.
وەڵام بدەوه