دوای سی ساڵ لە تێپەڕاندنی قۆناغی بەرەی کوردستانی تازە بە تازە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەوڵی زیندوو کردنەوەی ئەم بیرۆکە تێپەڕە دەدات، بەڵام بە ناوێکی ترو لە دۆخێکی ترو بە نیەتی ترەوە.
هەوڵدانی لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان لە ناوەڕاستی هەشتاکان بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە دۆخی ململانێ و رووبەرووبوونەوەی چەکداری و ناکۆکی و دووبەرەکی، سەرەنجام بەرەی کوردستانی لێکەوتەوە.
ئاشتبوونەوی لایەن و حزبە کوردستانیەکانی ئەوسا وەک زەروورەتێکی مێژوویی پەیوەست بە بڕگەیەکی هەستیاری قۆناغێکی سەختی شەڕی چەکداری دژبە بەعس و کۆتایی هێنان بە ناکۆکیەکانی نێوان حزبە کوردستانیەکان، حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگرو هەنگاوێکی گرینگ و چارەنوسساز بوو.
دواتر بەرەی کوردستانی دوای ڕاپەڕین و ڕێک پاش ئەنجامدانی یەکەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان بە ئامانجی دامەزراندنی حوکومەتی هەرێم و بە دامەزراوەیی کردنی کوردستان، هەڵوەشایەوەو حکومەتێکی بنکەفراوان و پەرلەمانی کوردستان شوێنیان گرتەوە.
جێگەی سەرسووڕمانە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای سی ساڵ لە حوکمرانی حوکومەتی هەرێم و دامودەزگا یاساییە مەدەنیە هاوچەرخەکانی، خوازیاری گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی بەرەی کوردستانی و خاڵی سەرەتاو سفرەوە.
بەڵام ئەمجارە کەژێر دەمامک و ناوێکی تر( ئەنجومەنی سیاسی پارتە کوردستانیەکان) و لە دۆخ و بڕگەیەکی تری مێژوویی و زۆر هەستیارەوە.
ئەم هەوڵە نەک هەر هەڵگری چارەسەری سەرلەبەری کێشەو تەنگوچەڵەمەکانی ئێستای کۆمەڵگا نیە، بەڵکو جۆرێک لە نامتمانەیی و ئاڵۆزی دروست دەکات و هێندەی تر دەبێتە هۆکاری پاشاگەردانی سیاسی و نائومێدی و چەقبەستووییەوە.
وەڵام بدەوه