وەرە چارەنووسی بەشێک لە بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە بەشی باشوری کوردستان بەدەست حزبێکەوە بێت قسەی سەری زمان و بنی زمانی خەباتی چینایەتی و ئازادی و دیموکراسی و لەم ساڵانەی دواییشدا سۆسیال دیموکرات و پێشکەوتن بێت و بەشێک لە کادری باڵاو سەرکردایەتیشی پیاوی ئەمن و ئیستیخبارات و قاچاقچی و ملهوڕ بن.
گەلی باشوری کوردستان لەوەتەی بۆ ئازادی لە خەبات و تێکۆشاندایە، هەزاران شەهیدی لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا کردۆتە قوربانی.
باشوری کوردستان هیچ نەما لە لایەن دڕندەترین رژێمە تۆتالیتارە شمولیە ناسیۆنالیستیە شۆفینیەکەی بەعس دەرهەقی نەکرێت، کەچی لەولاوە بەشێک لە سەرکردایەتی ئەو حزبەی هاتوهاوارو درووشمە بریقەدارە نەتەوەییەکانی تا کەشکەلانی فەلەک دەرۆیشت، هاوکارو سیخوری هەمان رژێمە دژە ئینسانیەکە بن!
تۆمارە دەنگیەکەی مەلابەختیار رەنگە نەتوانێ گۆمی گەنیوی ناو بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بشلەقێنێ، لێ بە دڵنیاییەوە مشتێکە لە خەروارێک و نمونەیەکی هەرە بچوک لەو سەوداو بازرگانیەی کاراکتەرە سیاسیە دەست رۆیشتووە گەنەکانی ناو یەکێتی سەردەمانێک فرچکیان پێوەگرتبوو.
رەنگە لە داهاتوودا حەقیقەت و ڕاستی و دروستی ئەو بکەرە سیاسیانەی ساڵانێک لە ژێر پەردەو دەمامکی کوردایەتی و خەباتی چینایەتی و چەپ و ڕاست و ئاڵای شۆڕش و بەرەی ریفۆرم و سۆسیال دیموکراتەوە خزمەتی دوژمنیان دەکرد، بۆ هەموو لایەک دەرکەوێ و گەلی کورد زیاتر دووچاری نائومێدی و دڕدۆنگی و بێزاری لە سیاسەت و کاری سیاسی بکات.
وەڵام بدەوه