Kurdistan Press - ‏‎کورد لە نێوان ئەردوغان و کلچدار ئوغلۆ! ‏‎کورد لە نێوان ئەردوغان و کلچدار ئوغلۆ! | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

‏‎کورد لە نێوان ئەردوغان و کلچدار ئوغلۆ!

‏‎کورد لە نێوان ئەردوغان و کلچدار ئوغلۆ! 

‏‎نووسینی: ھۆگر نێروەیی

‏‎ھەڵبژاردن لە تورکیا، گەر کورد بزانێت و واقیع بخوێنێت سودی گەورەی بۆخۆی دەبێت بەھۆی ژمارەی زۆری کورد لەوێ، کێشە لەوە نیە کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا چونکە بۆ کورد کە کورد بێت لە تورکیا جیاوازی نیە کێ ببێتە سەرۆک کۆمار ھەر کێ بێت دژی کوردبون و پرسی کوردی دەبێت، ئەمە واقیعی مێژووی تورکیایە بە میرات لە باوانە بۆی ماوەتەوە ھەرگیز ناگۆڕێت بەڵام کێشە لەوەیە کورد لە ژمارەیەکی گەورە و یەکلاییکەرەوە لە ھاوکێشەکانی تورکیا دا خەریکە بەھۆی پەرتەوازەی کورد و ناجێگیری ھەڵوێستی سەرکردەکانی کورد و عاطفیەت و لە ھەمووی گرنگتر نەزانینی دروستکردنی بەرژەوەندی ھەم بۆخۆی ھەم بۆ لایەنی بەرامبەر لە تورکیا دەبنە ژمارەیەکی بێ بایەخ و بێ بەرھەم. 

‏‎لە جەنگی یەکەمی جیھان بەتەواوی  ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەرەو ھەڵوەشاندنەوە چوو، کۆلۆنیاڵیزمی بەریتانیا بەھێزی خۆی لە ناوچەکە دیاریکرد ئەو شوێنانەی داگیرکرد کە پێشتر لە ژێر فەرمانڕەوایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، بۆ ئەوەی ھەژمونی خۆی لەناوچەکە بەھێز بکات بەریتانیا چاوی لە داگیرکردنی ویلایەتی موسڵ بوو کە پێشتر ھەردوو ویلایەتی بەغدا و بەسرای داگیرکردبوو، کە ویلاتی موسڵ زۆرینە کوردبوون، کە ئەوکات کورد لە جیاتی ئەوەی بەرژەوەندی بۆ بەریتانیا دروست بکەن سیاسەت لەگەڵ واقیعی ڕۆژ بکەن لە خەیڵلی دوێنێ نەژین کەچی کورد شەڕی دژی بەریتانیا کرد لەبەرژەوەندی دەوڵەتی عوسمانی، ھەروەھا لەگەڵ زۆرینەی شیعە پێکەوە لەژێر باندۆری ئاینی کەوتنە شەڕ لەگەڵ بەریتانیا کە بەریتانیا بە کافر و عوسمانی بە موسڵمان لە قەلەم دابوون، کە چەند سەدەیەک لە ژێر ناوی ئیسلامی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی فەرمانڕەوایی کرد. 

‏‎کە بەریتانیا ھات ھەم شیعەی زۆرینەی ناوچەی میزۆپۆتامیا و کوردی زۆرینەی لەویلایەتی موسڵ دژیان و شەڕیان لەگەڵ کرد بەڵام بنەماڵەی ھاشمی کە سونە بوون و کەمینەبوون چوونە پاڵ بەریتانیا و بەرژەوەندیان بۆ دروستکرد، لە ساڵی 1918 لەسەروبەندی ئاگربەستی جەنگی جیھانی بەریتانیا جوڵەی کرد ویلایەتی موسڵی داگیرکرد، بۆ ئەوەی ھەر  بمێنێتەوە بە حاکمی ناوچەکە بەرژەوەندی بۆخۆی بەتەنھا نەویست  بەڵکو بەرژەوەندی بۆ زۆریان دروستکرد، نە ئەوانەی لەبیرکرد کە لەگەڵی بوون نەئەوانەش بێبەشکران لە سزای خۆیان کە دژی بوون، دەوڵەتێکی نوێی دروستکرد بە ناوی عێراق  ویلایەتی موسڵی پێوە لکاند، یەکێک لە بنەماڵی ھاشمی سونە بەناوی  فەیسەلی کردە پاشا(مەلیک)ی عێراق. 

‏‎دوای دروستکردنی دەوڵەتی عێراق بەریتانیا لەگەڵ واقیعی ناوچەکە مامەڵەی کرد، بەرژەوەندی بۆ بەھێزەکان دروستکرد لەسەر حسابی لاوازەکان، بۆ ئەوەی فەڕەنسا دان بەو واقیعە و دەوڵەتی نوێ بەنای عێراق بنێت چەندین بەرژەوەندی  بۆ دروستکرد، کوردیش سەرەتا بە ڕێککەوتنی سیڤەر بەنج کران کە گەلانی ناوچەکە مافی چارەنوسی خۆیان دیاربکەن بەڵام چونکە تورکیا بەو ڕێککەوتنە ڕازی نەبوو قەرەبووی تورکیا بە   ڕێککەوتنی لۆزان کردەوە لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە داھاتی خانەوادەی پاشای عێراق فەیسەلی بۆ تورکیا بێت، کۆتایی بەو ناکۆکیە ھێنا تورکیاش دانینا کە ویلایەتی موسڵ ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی نوێی عێراق، چونکە کورد ھەر لە خەیاڵی دوێنێ بوون ڕێککەوتنی سیڤەر گۆڕا بۆ ڕێککەوتنی لۆزان کورد لە ھەموو مافێک بێبەشکران! دەتوانین بڵێین ئەوکات پەرتەوازەی کورد و نەزانین و نە جێگیری ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بوو کە کورد لەھەموو مافێک بێ بەشکران. جارێکی تر کورد بوە خەڵوزی بەرژەوەندی زلھێزەکان.

‏‎ئێستاش کە تورکیا بەرەو ھەڵبژاردنێکی چارەنوساز دەچێت ڕکابەری توند ھەیە لە نێوان ھەردوو جەمسەری تورکیا ئەردوغان وکەماڵ کلچدار ئۆغلو، ھەرزوو پەکەکە لە شاخەکان خۆی یەکلاییکردەوە کە پشتگیری لەکلچدار ئۆغلو دەکات کەئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی باش کە تورکیای ڕەگەزپەرستەکان دەنگ بە ئەردوغان بدەن کە پێوام وایە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر ھەیە بۆ ئەوەی ڕای گشتی تورکەکان لەگەڵ ئەردوغان بێت، ئەمە جگە لە وەی کە سیاسەتی پەکەکە جگە لە زیان ھیچی لێ سەوز نەبووە بۆ کورد نیوەی کورد دەچنە پاڵ ئەردوغان کە ئەردوغان گەرچی چەند  دژایەتی پرسی کوردی کربێت ھێندەی پەکەکە زیانی نەبووە بۆ پرسی کوردی، لەسەر ھەموو دوژمنکاری ئەردوغان ھەر لەسەردەمی ئەردوغان بوو کورد بەئازادی بڵێت کوردم و حیزبی تایبەت بەخۆم بەکوردی دەبێ! ئەمە جگە لە ناڕونی سیاسەتی ھەدەپە کە ژێر لە باندۆری پەکەکە دایە بەبێ ھیچ ڕێککەوتنێک کە زەمانی ھەبێت دەمیرتاش لە زیندانەوە بە شان و باڵی کلچدار ئوغلۆی وت و پشتگیری خۆی بۆ دەرخست .

‏‎ئەوەی کورد ئەم جارە دەیکات بەھیچ شێوەیەک سیاسەت نیە،  بەڵکو لایەنی عاطفیەتی لە سەر بنەمای ڕق و کینەیە، کە ھەمیشە بەرھەمی عاطفیەت خۆخۆری لێ دەکەوێتەوە جگە لە زیان ھیچی لێ دەستناکەوێت، سیاسەت بەرژەوەندی بۆتۆ دروست دەکات کەچی ئەم سەر و ئەوسەری کورد دیارنیە کە زیاتر بەرەو تونێلێکی تاریکتر دەچێت، گەر کورد لە تورکیا یەک دەنگ بوو، ھەڵوێستی سەرکردەکانی کورد جێگیربوایە  دەیتوانی  ھەمیشە بۆ ھەموو ھاوکێشەکانی تورکیا ببێتە ژمارەیەکی گەورە، کە ئەوکات ئەردوغان یان کلچدار ئۆغلۆ یان ھەر ناوێکی تر بوایە بەناچاریش بوایە بەرژەوەندی بۆ کورد دروست دەکرد زۆری مافەکانی بۆ دابین دەکرد، ھەر جارەو کورد لە قۆناغێکی باش بۆ قۆناغێکی باشتر دەچوو نەک وەکو ئێستا لە قۆناغێکی خراپ بۆ قۆناغێکی خراپتر بچێت. 

‏‎لەبارەی کێ ئەم جارە دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا، بەپێی  ھەموو ئەگەر و ڕاپرسیەکان کلچدار ئۆغلۆ دەبێتە سەرۆک، بەڵام بەدیدی خۆم زلھێزانی ھەرێمی و جیھانی لە ناوچەکە بەتایبەتی ڕوسیا و ئێران ناھێڵن کەسێک سەرکردایەتی تورکیا بکات کە زیاتر مەیلی بۆ ڕۆژئاوا ھەبێت بەڵکو ھەر ئەوە دەبێتە سەرۆک کە وەکو خۆیان زیاتر مەیلی ڕۆژھەڵاتی ھەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ھاوبەشی یەکتر. کە ئەردوغانیش جارێکی دیکە بوو بەسەرۆک ددانەکانی زیاتر تیژدەکات ھەم بۆ لێدان لە کورد، ھەم ڕۆحی ھەدەپە تاکە پارتی فەرمی ئازادی کوردی لە تورکیا  گەر نەشبات نیوە ڕۆح دەکات کە ئیدی دەرفەتی نەبێتەوە ببێتە ڕۆحێکی تەواو بەھەموو شێوەیەک کاریگەری خۆی لە دەست دەدات کوردیش بۆ چەندین ساڵی تر بەتەواوی بێ ئۆمێد دەکات. 

‏#HogirNerwayi

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه