ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، لە دوای دۆڕانی یانەکەی هەڵسوکەوتێکی نەشیاوی بەرامبەر سەرپەرشتیارانی یاری نێوان یانەکەی و ریال مەدرید ئەنجامدا و کێشەی لە نێو ژوورەکانی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆدا ناوەتەوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، خلێفی لە دوای تەواوبوونی یارییەکە شوێنی خۆی لە کورسییەکانی یاریگەدا بەجێهێشتووە و بەپەلە خۆی گەیاندووەتە ژووری ناوبژیوانان و خۆی لە ناوبژیوانان تووڕەکردووە و هۆشداری داونەتێ لەوەی کە بڕیارەکانی ئەوانی لە یارییەکەدا بەدڵ نەبووە.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، ناسر خلێفی بووەتە هۆکاری نیگەرانکردنی بەرپرسانی ریال مەدرید و بەزەحمەت ئەویان لە ژووری ناوبژیوانان کردووەتە دەرەوە و وێنەیەکی ناشرینی خۆی پێشانی هەمووان داوە.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، یەکێک لە فەرمانبەرەکانی ریال مەدرید، هەڵسوکەوت و ساتی هێرشکردنەکەی خلێفی بۆ سەر ژووری ناوبژیوانان ریکۆرد کردووە و کاتێک خلێفی بەوەی زانیووە، زۆر تووڕە بووە و چووەتە بەردەمی فەرمانبەرەکە و بەسەریدا هاواریکردووە، دەتکوژم.
رۆژنامەکە درێژەی بە رووداوەکانی دوای یارییەکە داوە، ئاشکرایکردووە، لیۆناردۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی سانجێرمان، داوای سڕینەوەی گرتەی ڤیدیۆیی نێو مۆبایلی فەرمانبەرەکەی ریال مەدریدی کردووە و بەوەش پشێوی لە رێڕەوی چوونە ژوورەکانی جلگۆڕینی یاریگەکەدا دروستبووە.
مارکا دەڵێ، ئیمیلۆ پۆتراگینۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دامەزراوەی ریال مەدرید، هەوڵیداوە پشێوییەکان کەم بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی بێئاکام بوون، خلێفی کۆنترۆڵی خۆی لەدەستداوە و جنێوی بە هەمووان داوە. هەر بۆیە ناوبژیوانەکان و بەرپرسانی ریال مەدرید، هانایان بۆ پۆلیسی یاریگەکە بردووە بۆ ئەوەی لیۆناردۆ و خلێفی بکەنە دەرەوە.
هەمان رۆژنامە دەڵێ، ریال مەدرید تۆمارە ڤیدیۆییەکەی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەمڕۆ پێنجشەممە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێدەکات
وەڵام بدەوه