دوای ئەوەی بڕیاری دروستکردنی فیرقە بۆ هێزی پێشمەرگە درا، ئێستا کار دەکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی دروستکردنی فیرقەکان دەکرێت، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بەم هەنگاوە هێزی پێشمەرگە یەک دەخرێت و دەبێتە یەک هێز و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت و ڕۆحێکی تازە دەداتە هێزی پێشمەرگە.
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاکسازیدا بڕیارە چوار فیرقە بۆ هێزی پێشمەرگە دروست بکرێت، ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە ڕێک بخرێت لە هەموو ئاستەکاندا تا دەگاتە فیرقە، هێز دروست بکرێت، ئەوکات هێزی پێشمەرگە زۆر باش ڕێک دەخرێت و بندیوار نامێنێت و مەشقیان پێ دەکرێت و ڕۆحێکی دیکە دەدرێتە هێزی پێشمەرگە و چیی تر هێزی جیاجیا نامێنێت و دەبێتە یەک هێزی پێشمەرگە و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت.''
بابەکر زێباری گوتیشی: ''بڕیار دراوە کە چوار فیرقە دروست بکرێت و ڕەزامەندیشی دراوە و جێبەجێ دەکرێت وەکوو هەنگاوی یەکەم ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی چوار فیرقە کراوە.''
هەر لەم بارەیەوە، ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردووەتەوە: ''بە مەبەستی دەستنیشانکردنی شوێن بۆ بارەگای یەکێک لەو دوو فیرقەیە بڕیارە بەم زووانە دەستبەکار بن و هاوکات ئاگادار بوون لە کار و چالاکییەکان و بارودۆخی میحوەری چوار و هێزەکانی پشتیوانی دوو و لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە یاوەریی شاندێکی وەزارەت سەردانی ئەو ناوچەیان کرد کە دەستنیشان کراوە بۆ دروستکردنی بارەگای یەکێک لەو دوو فیرقەی هێزی پێشمەرگە کە بەم زووانە دەست بە دروستکردنی دەکرێت و سەرۆکی ئەرکانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە شوێنێکی گونجاو و سەربازییە.
وەڵام بدەوه