ئینتیمای نیشتیمانی واتە کۆی ئەو هەست و شعورەی تاک هەیەتی بەرامبەر بە نیشتیمان و دوو فاکتەری شوێن و کات تیایدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن. واتا هەر مرۆڤێک بە جۆرێک لە جۆرەکان وابەستەی شوێنێکە و بەشێکە لەو شوێنەو خۆی بە بەشێکی دانەبڕاو لەو شوێنەدەزانێ.
ئینتیمای نیشتیمانی پەیوەست بوونە بە نیشتیمان. ئەم چەمکە سەرباری ئەوەی بۆماوەییە لێ لەهەمان کاتیشدا وەدەستهاتووە و چەندین فاکتەر کاریگەریان لەسەر بەهێز بوون یا بێ هێزبوونیدا هەیە.
چەندێتی و چۆنێتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاونیشتمانییان لە لایەن دەسەڵات و حکومەتەوە بە شێوەیەکی باش لە لایەن دامودەزگه فهرمی و نافەرمییەکانی وەک خێزان و قوتابخانە و دەزگه خزمەتگوزارییەکان لە گشت سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەموو ئەمانە ڕۆڵی کارا لە بەهێزکردنی ئەو ئینتیما و خۆشەویستییەی خاک و نەتەوەدا دەگێڕن. چونکە هەستکردن بە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات کار بۆ مانەوەی ئەم بارودۆخە بکەن، لەبەر ئەوەی دواجار خۆیان سوودمەندن لێی.
وەک پێنگاڤێکی سەرەتایی گرینگە لە پەروەردەوە دەست پێ بکرێ. هەم پەروەردەی قوتابخانەو هەم هی خێزان کاریگەری ڕاستەوخۆتان لەسەر چۆنێتی پەروەردەی تاکەوە هەیەو هەر لەم دوو شووێنەش بەردی بناغەی جۆری کەسایەتی و دونیابینی و باری سایکۆلۆژیای تاک دادەنرێ.
بە پلەی دووەم جۆری بەرنامە پەروەردەییەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنیەکان، رۆژنامەکان، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و دۆخی سیاسی و ئابوری وڵات و فەزاو ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەشێ رۆڵێکی گەورە لە دروست کردنی تاکێکی خاوەن ئینتیمای نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەرپرسیار و ئەرکناسدا بگێڕێ.
وەڵام بدەوه