لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی دیموکراسی پۆست مۆدێرنەدا، بەرەی بەرهەڵستکاران هەڵگری ئایدیاو ئایدیۆلۆژیاو دونیابینی و بەرنامەی سیاسی و بیری رەخنەی بونیادنەری تایبەت بە خۆیانن.
بەرهەڵستکاران یەکسانە بە رەخنەی بونیادنەرو دیراسەکراو. یەکسانە بە ئامادەبوونی رۆحیەتی کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و وازهێنان لە بەرژەوەندی تایبەتی.
بەرهەڵستکاران بە سود وەرگرتن لە کەشی دیموکراسی و ئازادی ئاخاوتن و ئەو کەرەسە دیموکراسیانەی لە ژێر سایەی دیموکراسی خراوەتە بەردەستیان کار دەکەن و چالاکی دەنوێنن و وەک بەرە یا حزب و هاوپەیمانی یا بەرەی بەرهەڵستکارانی خاوەن روئیاو خەون، لە لایەن پارتە حوکمرانەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ.
لەمجۆرە کەشە دیموکراسیەدا ئۆپۆزیسیۆن یا بەرهەڵستکاران بە زمانێکی نەرم و شارستانی و دوور لە چەواشەکاری مێدیای و هەوڵی ناوزڕاندن، سوکایەتی کردن وبەلارێدابردن و هێرش کردن بۆ مێژوو و رابردووی کەسایەتی و کاراکتەرە سیاسیەکانی دەوڵەت دەدوێن و بەشداری چالاکانەیان لە رەوت و پرۆسەی سیاسی و بەرەپێشەوەبردنی جڤاک و چارەسەری کێشەکان و ئاراستەکردنی رووداوەکاندا هەیە.
هەژمونگەرایی لە سیستەمە دیموکراسیەکان چ لە لایەن بەرەی بەرهەڵستکاران یا حزبە حوکمرانەکانەوە حاڵەتێکی ئاسایی و یاساییە.
پارتەکانی سەربەم دوو بەرەیە هیچ کامیان لە ژێر هەر بارودۆخێکدابن پەنا بۆ پێکداهەڵشاخێن و مل شکاندن و سوکایەتی پێکردن بە یەکترەوە نابەن و هەر کامیان ئاراستەی کاری خۆی دەزانێ و رەوتی کاروچالاکیەکان بە رێچکەی خۆیدا دەڕوات و هیچ کامیان لە یاساورێسا باوەکانی سروشتی کارکردن و عورفی سیاسی و رێکارو باوەرە یاساییەکان لانادەن.
وەڵام بدەوه