دەکرێ لە رێگەی دانانی چەند پلان و بەرنامەیەکی درێژخایەنی گەشتوگوزاریەوە، پەرە بە کەرتی گەشتوگوزاری کوردستان بدرێت و رۆحی تازەی بکرێتە بەر و لەم دۆخە خامۆشیە رزگاری بێت.
کەرتی گەشتوگوزار لە وڵاتانی پێشکەوتوو ساڵانێکی زۆرە بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی داهات لە قەڵەم دەدرێت.
وڵاتانی گەشتوگوزار ئەو وڵاتانەن ساڵانە لە پاڵ داهاتێکی بێ شوماری گەشتوگوزاریەوە، لە رێگەی کۆمەڵێک پلان و بەرنامەی ستراتیژی گەشتوگوزاری و نۆژەن کردنەوەی کەرتەکە و رێکلام و براندینگ و مارکێتینگ( بە بازار کردن) سەرەنجی گەشتیاران بە لای وڵاتی خۆیاندا رادەکێشن و لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا دەڕۆن.
هەرێمی کوردستان بەدەر لە سرووشتی جوان و دڵرفێنی ناوچەکەو دەڤەرە گەشتوگوزاریە سەرەنج ڕاکێشەکانیەوە، خاوەنی ئاوو هەوایەکی سازگاریشە لە وەرزەکانی هاوین ( ناوچە شاخاویەکان) و بەهارو پاییزدا.
نۆژەن کردنەوەی سەرلەبەری کەرتی گەشتوگوزار و دانانی پلانی گونجاوو ستراتیژی بۆ بەهێز کردنی ئەم کەرتە، نە کارێکی ئەستەمە و نە هەوڵێکی نەزۆک و مەحاڵیشە.
دەکرێ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەوانە دەستەی گەشتوگوزار لە پاڵ کەرتی تایبەت و ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری ناوەکی و دەرەکیەوە ئەم کەرتە لەم دۆخەی خامۆشی و ناچالاکیە رێژەییدا دەربهێنن و پەرەی پێ بدرێت و بەهێز بکرێت و ساڵانە داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت و لایەنی سەرمایەگوزار گڵ بداتەوە.
کەرتی گەشتوگوزار لەم سەردەمەدا لە رووی داهات و گرینگیەوە هیچی لە کەرتی وزەو نەوت و غازو کانزاکانەوە کەمتر نیە.
هەر ئەم بیرۆکەیەشە وای لە قەتەریەکان کرد هەموو هەوڵی خۆیان بۆ گواستنەوەی مۆندیال بۆ قەتەر بگوازنەوە، چونکە دەزانن رۆژێک دێت بیرە نەوت و غازی سرووشتی لە بن دێت و گرینگیدان بە ناساندنی وڵاتیان وەک وڵاتێکی ئازادو گەشتوگوزار پێویستیەکی حەتمیە.
وەڵام بدەوه