لە تازەترین لێدوانیدا، دکتۆر موسەنا ئەمین پەرلەمەنتاری کورد لە بەغدا، وتوویەتی ئێران داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە چوار ملیارد دۆلاری ( رەنگە وەک خێروسەدەقە) پێ بدات…!!
دوای ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی تاران لەسەر دەست بەکار بوونی محمد شەیاع سودانی وەک سەرۆک وەزیرانی تازەی عێراق، ناوبراو لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات، سەردانی مەرجەعە باڵاو خاوەن هەژمونەکانی تارانی کرد و وەلائی خۆی بۆ ویلایەتی فەقیە تازەکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانەوە هەر لە میانی ئەم سەردانەدا چەندین رێککەوتنی ئابوری و بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا بە بەهای ملیاردها دۆلار ئیمزاکران.
ئێران بە هۆی گەمارۆ سەختە ئابوریەکەی ئەمریکاوە، دەرفەتی هەناسەدانی ئابوری و ئاڵوگۆڕی دۆلاری لێ بڕاوەو دەمێکە عێراق و سیستەمی بانکداریەکەی وەک تەنها دەرچە و پەنجەرەیەک بۆ هەناسەدانی ئاڵوگۆڕی دراوی نێودەوڵەتی و لەسەروویانەوە دۆلار، تەماشا دەکات.
بۆ ئەم مەبەستەش سود لە هەژمونی خۆی لە عێراق وەردەگرێ و میلیشیا و کلک و گوێکانی لە گۆڕەپانی سیاسی وەک ئامراز و یارمەتیدەری هەوڵەکانی بەکار دەهێنێ.
گەسک لێدان لە دۆلارو کۆکردنەوەی لە بازاڕەکان و رەوانەکردنی بۆ تاران و سوریەی ئەسەد، ئەمریکای تەواو نیگەران کردووەو بۆیەسزای خستۆتە سەر چەند بانکێکی ئەڵقە لە گوێی ئێراندا.
نەخستنە رووی دۆلاری تازە و ناردنی ئەوەی هەشە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران، ئەگەری داتەپینی ئابوری عێراقی لێ چاوەڕوان دەکرێ و مەترسی هەیە ژیان و گوزەرانی عێراقیەکان بە دەردی لوبنان بچێت.
زێدەڕۆیی نیە گەر بڵێین، وا پێدەچێ ئەمریکا عێراقی لە چنگ بەعس دەرهێناو خستیە باوەشی تارانەوە.
وەڵام بدەوه