بەشی یەکەم
زۆر گوتراوەو نووسراوە دەربارەی جیاوازیە بونیادیەکانی نێوان جیلی پێشوو جیلی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی سەرهەڵدان یا درووست بوونی ئەم جیاوازیانەوە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەتوانراوە ئەم دوو جەمسەرە کۆمەڵایەتیە لە ڕووی فیکر و مەعریفە وجیهانبینیەوە لەیەک نزیک بکرێنەوە.
ئایا بوونی ئەم جیاوازیانە وەک چەند
زەروورەتێکی مێژوویی دەردەکەون و پێویستە هەبن؟ یا نا....جیاوازیەکان ڕووکەش و کڵێشەیین و بەو قەوارەیە نین، کۆمەڵێک ڕوشنبیر و توێژەر و نووسەر باسی لێوە دەکەن؟
بەڵام ئایا بەڕاستی جیاوازی هەیە لە نێوان ئە دوو توێژە کۆمەڵایەتیەدا؟
نکۆڵی لەوە ناکڕێت، لە زۆر رووەوە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم نەوەیەی ئێستا کە لە سەرەتای بیست و سیەکانی تەمەنیدایە، لەگەڵ ئەو جیلەی لە پەنجا و شەستەکانی تەمەنیدایە. بەڵام ئایا جیاوازیەکان ڕادیکاڵی وبوونیادین؟ یا سوک و ساکارن؟
من پێم وایە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی لە ڕووی بیرو بۆچوون و هزر وباوەڕە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، تێڕامانی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێوان دووو ڕەگەزی جیا ( نێرومێ)، و ئامادەیی بوونی خەسڵەتی سەرکێشی کردن و ناڕەزایەتی دەربڕین و حەز وئاوات و خواستە تایبەتیەکان، ئەم دوو جیلە لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
نەوەی پێشوو هەڵگری کۆمەڵێک بەهای جێگری کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوری جێگر و ڕەسەن بوون و لە ژێر هەموو ئەو بارودۆخە سەخت و ناسک و ناهەموارانەی بەسەر گەلی کوردداهاتوون، توانیویانە خۆڕاگر بن و ساردی و گەرمی و ناهەمواریەکان، کاریگەری نەرێنی کاریگەری نەرێنی نەکاتە سەریان و هەر ئەمەش بووە تا کو ئێستا بۆتە ڕەمزی مانەوەمان بە زیندوویی و نەتوانەوەمان لە ناو بۆتەی ڕگەزی داگیرکار بە هەموو فۆڕم و ناوەرۆک و ئامانجەکانیەوە.
لەمەش زیاتر، گۆشەنیگای نەوەی پێشوو بۆ بابەتەکانی وەک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان گروووپ و تاکەکانی کۆمەڵگە، چۆنیەتی تێگەیشتن لە بابەتی خوێندن و خوێندەواری و بڕوانامەی زانکۆ و ئەکادێمی، پێک هێنانی خێزان و دەست گرتن بە بەها و داب و نەریتە ڕەسەنە جڤاکی و کولتوریەکان، شێوازی رەفتارکردن لەگەڵ دایک و باوک، تەواو جیاوازە لە هی نەوەی ئێستا.
ئەگەر لە رووی فەلسەفەشەوە لە جیاوازیەکان بڕوانین، گەرەکە ئەم پرسیارە ڕووبەرووی خۆمان بکەینەوە، کام جیل لەسەر حەقە و کام جیلیش لەسەر ڕێچکەی هەڵە یە؟ کامیان ڕێچکەی ڕاست و درووستی گرتۆتەبەر و کامیش لە سەر ڕێچکەیەکی چەوت و ناڕاستە ؟
بەدەر لە رووە فەلسەفیەکەی ئەم بابەتە، من پێم وایە جیلی پێشوو بە سادەیی بیری دەکردەوە، بە سادەیی دەژیا و هەر بە سادەییش سەری دەنایەوە و چاوەڕوانی لە ڕادەبەری لە ژیان و ئاییندە و دونیای ماتریاڵی و رەفاهیەتەوە نەبوو. بەڵام جیلی ئێستا،سادە بیر ناکاتەوە و ناشیەوێت سادە بژیت. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بە و مانایە نیە، جیلی پێشوو نەزان بووبێت و ئەمەی ئێستا زانا و دانا و حەکیم بێت.
جیلی ئێستا بە نەوەی کومپیۆتێر، دونیای مەجازی، فەیس بوک، سەتەلایت، ئینتێرنێت، گووگڵ و ئایفۆن و تەلەفۆن و وایرلێس ناسراوە. بە واتایەکی تر کاراکتەرو مەلەوانی ناو جیهانێکی پڕ لە شەپۆل و هەڵبەزو دابەز و پڕ لە ئیمکانیاتی جۆراوجۆری " پەیوەندیەکان" ە.
بۆیە زۆر ئاساییە جیلی ئێستا بە سادەیی نەژیت و بە سادەییش بیر نەکاتەوەو چاوەڕوانیەکانی لە کۆمەڵگە و ژیان و دەسەڵاتدار، زۆر لەوە زیاتر بێت، جیلی پێشوو بتوانێ لێی تێبگات و هەزمی بکات.
ئەم جیلە تێگەیشتنی لە جیهان و ژیان و پەیوەندی نێوان تاک و ڕگەزە پێک هێنەرەکانی کۆمەڵگە لە وانە دایک و باوک و خێزان وقوتابخانە و مامۆستا و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و پێک هێنانی خێزان و ......تەواو لە هی نەوەی کۆن جیاوازن.
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لە سەردەمانی پێشوودا، بۆ نمونە پەنجا ساڵ پێش ئێستا، جیهان سادە بوو، کاراکتەرەکان سادە بوون و هەلومەرجەکەش بەم شێوەیەی ئێستاکە نەبوو و کۆمەڵگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیش نەکەوتبوونە بەردەم زریانی وێرانکەری تێکنۆلۆژیا و تەوژمی شۆڕشی خێرای زانیاریەکان و بەها کۆمەڵایەتی و کولتوریەکانیش بە جێگری دەردەکەوتن و دەپارێزران. بە واتایەکی تر، کۆمەڵگەی کوردی زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و کۆنسێرڤاتیڤ دەچوو تا جڤاکێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و تەنراو بە تێکنۆلۆژیای زانیاریەوە.
پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا کاراکتەرەکانیش سادەبوون...یا سپی بوون یا ڕەش، یا خزمەتکارو دڵسۆزو پاک و بێگەرد بوون یا خیانەتکار و ئەڵقەلە گوێ و خۆ فرۆش ( جاشەکان)، یا هەموو سەرمایەی مادی و مەعنەوی خۆیان ئەخستە کار بۆ ڕزگاری و ئازادی، یا ئەوەتا پوڵ پەرەست و شێت و شەیدای پۆست و پلە و پایە و کورسی بوون.... چاکە و خراپە زۆربە ئاسانی دەکرا لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
ڕابردوو و کاراکتەرەکانی وەک پەڕاوی ( هاتوو و نەهاتوو/ حازر و غایب) ی قوتابخانە بوون.
وەڵام بدەوه