تا دێ گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە تێکەڵەیەک یا کۆکتەیلێکی خەتەرناک دەچێ تا وڵاتێکی خاوەن سیادەو مەڵبەندی ئاسایش و ئارامی.
پەلامار و خۆپیشاندان و هێرش بردنە سەر دامودەزگا حکومیەکانی لە بەغدا لە لایەن رەوتێکی رافیکاڵی ناسیۆنالیستی شیعەی سەردەمی پۆست سەدام، وێنای هەڵدانەوەی قەتماغەی مەینەتیەکانی یەک سەدەی ئەم وڵاتە لەرزۆکەمان بیر دەخاتەوە و ئێستاکە بۆتە نەریتێکی زۆر خراپ.
دۆخی ئێستای عێراق لە نێوان خۆبەدەستەوەدان بە ئەجیندای دەرەکی و ململانێی نێوان کوتلەو رەوتە سیاسیە بەرژەوەندخوازەکاندا، دۆخێکی تا بڵێی جێگەی مەترسی و هەڵوەستە لەسەرکردنە.
ئەم دۆخە ناسەقامگێرە هەنووکە بەوە دەناسرێتەوە فرەکوێخایەو کەس بە قسەی کەس ناکات و رۆژبەرۆژیش زیاتر دەبێتە هۆکاری نائومێدی و پەرتەوازەیی و مەترسی تەقینەوەی یەکجارەکی دۆخی ناوەخۆ و دەسپێکی قۆناغێکی تازەی ئاڵۆزی و کوشتوبڕو یەکلایی کردنەوەی حیساباتی شەخسی و ئیقلیمی و گێژاوی نەبڕاوەی سیاسی.
وەڵام بدەوه